فارسی English

شاری سنە

Want create site? Find Free WordPress Themes and plugins.

مزگەوتی جامیع

ئەم مزگەوتە لە شەقامی ئیمام خومەینی دا ھەڵکەوتووە کە دەگەڕێتەوە بۆ فەرمانڕەوایی قاجاڕەکان و لە لایەن ئەمانوڵڵا خان دوایین دەسەڵاتداری پارێزگاکە لە ساڵی 1228ی کۆچی دروست کراوە. ئەم مزگەوتە دوو داڵان و حەوشەیەکی ناوەندی ھەیە کە 12 ژوور لە دەوری دا یە، ئەم ژوورانە بە تایبەتی بۆ خوێندکارانی ئایینناسی دروست کراون. داڵانی سەرەکی 24 ستوونی سەرنجڕاکێشی ھەیە کە لە سەریانەوە بە دەستوخەتی قورئانی نووسراوە. ئایەتەکانی قورئان زۆر جوان و پسپۆڕانە لەسەر دیواری داڵانەکە ھەڵکۆڵراون. کاشیە ڕەنگاوڕەنگە (کاشیە 7 ڕەنگەکان) بۆ ڕازاندنەوەی دیواری مزگەوتەکە بەکار براوە و بن‌کاریتەکانیش لە بەردی مەڕمەڕ دروست کراون.

ناوەندی ڕابواردنی ئاویەر

ھەر وەک بە ناوەکەی دا دیارە، ئەم  ناوەندە دیمەنێکی بەرفراوان لە شار پێشکەش دەکات و چەندین ڕێستوورانت و کافی‌شاپیشی ھەیە کە لە داوێنی چیای ئاویەر دا ھەڵکەوتووە. ئەم شوێنەی داوێنی چیا، کانیاوی سروشتی و باخی دیزاین‌کراو و ھەروھا شوێنی دانیشتنی تایبەتی ھەیە کە بۆ بنەماڵەکان زۆر گونجاون. یەکێک لە باخە گەورەکانی ئەم ناوە، بە باخی ئەمیرییە دەناسرێت کە گەورەترین شاشەی سینەمایی سەرئاوەڵای لە ئێران ھەیە کە لە مانگەکانی بەھار و ھاوین دا فیلم پەخش دەکاتەوە.

بازاڕی سنە

ئەم بازاڕە بە درێژایی شەقامی ئینقلاب لە ھەردوو لاوە پەرەی سەندووە. لە ساڵی 1046ـی کۆچی بنیات نراوە. ئەو کاتەی کە دەسەڵاتداری ئەردەڵان سنەی کردە پاتەختی حکوومەتەکەی. ئەم بازاڕە بە شێوەی لاکێشەیەکی مەزن دیزاین کرا کە لە سەردەمی دەسەڵاتداری پەھڵەوی دا کرایە دوو بەشەوە؛ بەشی باکووری و بەشی باشووری کە پێی دەوترێت بازاڕی سنە و بازاڕ ئاسف. دوای نزیک بە 4 سەدە، ھێشتا ئەم بازاڕە لە ڕووی ئابووریەوە، ناوەندێکی پڕبایەخی بازرگانی دێتە ھەژمار.

مۆزەخانەی سنە

ئەم مۆزەخانەیە لە شەقامی ئیمام خومەینی، کۆڵانی حەبیبی دا ھەڵکەوتووە. بەشی دەرەوەی مۆزەخانەکە کۆشکی مەلا لوتفوڵڵای شێخولئیسلامە. لەم مۆزەخانەیە دا، کەرەستە و شتگەلی کەونارایی کە لە پارێزگای کوردستان و بەشەکانی دیکەی ئێران دەرھێنراون نمایش دەکرێت. کاری ئۆرووسی (شیشە ڕەنگیەکان)ی ئەم مۆزەخانەیە یەکێکە لە باشترین کارەکانی سنە و ھونەرمەندە سنەییەکان ئەم شتانەیان دروست کردووە. ئەم مۆزەخانەیە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی قاجاڕەکان.

کۆشکی موشیر دیوان

ئەم کۆشکە لە سەردەمی قاجار لە لایەن میرزا یووسف موشیر دیوان بنیات نراوە و لە ئێستا دا لە شەقامی شوھەدا دا یە. سێ حەوشە و چەندین بینای لەناو خۆی و ھەروەھا چەندین حەمامی تایبەتی لە ناوەوە ھەیە. ھەر حەوشێک ئاووەشێنێکی ھەیە. ئەم بینایە جوانترین داڵانی شاری سنە و میچی کەوانەیی ھەیە.

ماڵی کوردان (کۆشکی ئاسف)

ماڵی کوردان یەکێک لە گەورەترین مۆزەخانە مرۆڤناسی و نەتەوەییەکانی ئێرانە، کە لە کۆشکی ئاسف دا یە، ئەم بینایە ھی بنەماڵەیەکی بەگزادە یە. لە شەقامی ئیمام خومەینی شاری سنە دا ھەڵکەوتووە. کۆشکەکە سەرەتا لە سەردەمی سەفەوییەکان دا بنیات نراوە و دواتر لە سەردەمی قاجار و دواتر پەھلەوییەکانیش دا تەواو کراوە. ئەم بینایە لەبەر ھەبوونی خشتکاری، گەچکاری و شیشەی ڕەنگاوڕەنگی پەنجەرەکان کە پێی دەوترێت ئورووسی، لە ڕووی تەلارسازیەوە گرنگیەکی زۆری ھەیە. حەمامی تایبەتی ئەم کۆشکە وەک یەکێک لە سەرنجڕاكێشترین حەمامەکان لە ئاست حەمامەکانی دیکەی شاری سنە دا دەناسرێت.

کۆشکی خەسرەواوا

ئەم کۆشکە لە بولواری خەسرەواوا دا یە. بینایەکی تایبەتی سەردەمی دەسەڵاتی ئەردەڵانیەکان، بە تایبەت خەسرەو خانی ئەردەڵانە. ئەم کۆشکە بە باخەکەیەوە دوو بەشی سەرەکیی ھەیە: کۆشکی شاھانە لە لای ڕۆژاوای بیناکە بە ڕێڕەوی پلیکانەییەوە و داڵانێکی پلیکانەیی لە لای ڕۆژھەڵاتەوە کە دەکەوێتە سەر دیوی دەرەوەی کۆشکەکە. سەرباری ئەم دوو بەشە سەرەکیە، بیناکە چەندین حەمام و خانووی خزمەتکارانیشی ھەیە. ئەم بینایە بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش بە خشتکاری، ئۆرووسی و حەوزی بچووکی تیکەڵاو دیزاین کراوە.

کۆشكی وەکیل

ئەم کۆشکە لە شەقامی کەشاوەرز دا یە. سێ حەوش و چەندین خانووی لە ناو خۆی، حەمامێکی تایبەت لە ناوەوەی کۆشک و ھەروەھا حەمامێکی گشتیشی لە دەرەوەی بیناکە ھەیە. بەشی سەرەکی کۆشکی وەکیل لە سەردەمی زەندیە و بەشەکانی دیکەیشی لە سەردەمی قاجار بنیات نراون. ئەم بینایە شانازی دەکات بە ھەبوونی ڕازێنەرەوەگەلێک وەک خشتکاری و ئۆرووسی. بەشی ناوەندی کۆشکەکە، میچێکی کەپری سێ‌گۆشە/لەچکیی ھەیە.

حەمامی خان

ئەم حەمامە لە لای باکووری بازاری کۆنی سنە، لە شەقامی ئینقلاب دا یە. ڕازاندنەوەی ناوەوەی حەمامەکە و ھەروەھا نەخش و نیگاری سەر دیوارەکانی بەڕاستی سەرنجڕاکێشن. ئەم بینایە لە ساڵی 1220ـی کۆچی بە فەرمانی ئەمانوڵڵا خانی ئەردەڵان دروست کرا. ئەمە گەورەترین حەمامی کۆنی شاری سنەیە.

مەزاری ھاجەرە خاتوون

بەپێی تۆمارە ئایینیەکان، ئەم ئیمامزادە بەڕێزە، خۆشکی ئیمام ڕەزا یە، کە لەڕێگەی خوراسان دا گیانی لە دەست داوە و لەم شوێنە دا نێژراوە. لە نزیک مەزارەکەی ھاجەرە خاتوون، مزگەوتێک و چەندین گۆڕی ڕێبەرانی گەورە و چەند شێخێکیش ھەن. ئەم مەزارگەیە لە کۆڵانێکی کۆن دا یە کە پێی دەوترێت سەرتەپۆڵە و لە شەقامی سەلاحەددینی ئەیووبی دا ھەڵکەوتووە.

مەزراگەی پیر عومەر

ئەم مەزارگەیە لە باشووری شەقامی ئیمام خومەینی دا ھەڵکەوتووە. لە ساڵی 1046ـی کۆچی بنیات نراوە. خەڵک لەو باوەڕە دان کە پیر عومەر کوڕی حەزرەتی عەلییە. ئەم بینایە بە خشت جوان ڕازێندراوەتەوە و گەچکاری، و شیشەی ڕەنگاوڕەنگیشی تێدا بەکار براوە.

مەزاری پیر محەممەد

ئەم مەزارە لە نزیک گۆڕەپانی نەبووەت دا یە. لەسەر تەپۆڵکەیەک ھەڵکەوتووە کە گۆڕستانی کۆنی سنە بووە. ئەم مەزارگەیە شوێنی بەخاک‌سپێردرانی محەممەدی کوڕی یەحیایە کە پێی دەوترێت پیر محەممەد.

بەنداوی قشڵاق

بەنداوی قشڵاق لە 20 کیلۆمتری باشووری سنە لە سەر ڕێگای سنە-سەقز دا یە. بەنداوەکە لەسەر ڕووباری قشڵاق دروست کراوە. 11 کیلۆمەتر درێژایی ھەیە و ناوچەیەکی 934 ھیکتاری دادەپۆشێت و لەخۆ دەگرێت. ئەم گۆلە شوێنێکی گەشتیاری باشە بۆ وەرزشە ئاویەکان و ھەروەھا جوانیەکی زیاتری بەخشیوە بە سروشتی ناوچەکە.

قورئانی نگڵ

ئەم قورئانە بەناوبانگە لە گوندی نگڵ دانراوە کە لە 65 کیلۆمەتری ڕۆژاوای سنە ھەڵکەوتووە و لە ڕێگای سنە- مەریوان دا یە. ئەم کتێبە پیرۆژە دەستنووسە و پێدەچێت بگەڕێتەوە بۆ سەردەمی سێیەمین خەلیفەی ئیسلام و ئەمە یەکێکە لەو قورئانانەی نێردراوە بۆ بەشە جیاجیاکانی جیھان بۆ ئەوەی پەیامی ئیسلامی ڕابگەیەنرێت. بە خەتێکی گەورە لەسەر چەرم و پەڕەی دروستکراو لە پێستی ئەستووری ئاسک نووسراوە. ئەم قورئانە بە ڕێنووس و ستایلی کووفی نووسراوە و لەڕووی ڕێزمانیشەوە نیشاندار کراوە. لە ھەندێ لە بەشەکانی قورئانەکە دا، ژمارەی ئایەتەکان بە تەڵا نەخشێندراوە و بە دیزاینی گیا و ڕووەک ڕازێندراوەتەوە.

شاری سنە

شاری سنە ناوەندی پارێزگای کوردستانە و لە ۵۱۲ کیلۆمەتری ڕۆژاوای تاران دا یە. لە ڕووی جوگرافییەوە لە ناوەندی پارێزگاکە دا ھەڵکەوتووە، ھەر بۆیە جگە لە شارەکانی بانە و سەقز، سنووری لەگەڵ شارەکانی دیکەی پارێزگا دا ھەیە. بەپێی دوایین سەرژمێریەکان لە ساڵی ۲۰۰۵، شاری سنە ۴۱۹،۷۵۰ کەس حەشیمەتی ھەیە و ھەربۆیە  ئەم شارە زۆرترین حەشیمەتی پارێزگای کوردستانی ھەیە. بەھۆی دیمەنە جوانەکان و تۆپۆگرافیەوە بە یەکێک لە جوانترین شارەکانی ئێران دادەنرێت. شاخ و گردەکان دەوری ئەم شارەیان داوە و شارەکە کەشێکی کوێستانی ھەیە بە چەشنێک کە ھاوینی تا ڕادەیەک فێنک و زستانێکی ساردی ھەیە. ھەندێک لەم گردانە، وەک تەپەی (گردی) تووس‌نەوزەڕ، تەپەی ڕووسی، تەپەی شەرەفەلمولک لە ڕووی ئایینی و مێژووییەوە گرنگییان ھەیە. دوو کێوی ناسراو و بەناوبانگی ئەم شارە ئاویەر و کوچکەڕەشن (بەردی ڕەش) کە لە کۆتایی شار دا ھەڵکەوتوون.

ناوی سەنەندەج، ناوێکی بە عەرەبیکراوە لە تێکەڵبوونی وشە “سنە دژ” و خەڵکی کوردی ناوچەکە پێی دەڵێن “سنە”. ھەروەھا وشەی “سنە” پێناسەی زۆری ھەیە، لە ئەڤێستا دا (کۆکراوەیەک لە یەکەم دەقە ئایینیەکانی زەردەشتیەکان) بە “باز” یان “ھەڵۆ” پێناسە کراوە و  وشەی “دژ” واتای قەڵا ئەدات.

 

سنە: فەرھەنگ و مێژوو

ئەوەی کە لە تۆمارە کۆنەکان دا دەرکەوتووە، حاکمی ئەو کات شا سلێمان خانی ئەردەڵان، لە سالێ ۱۴۰۶ـی کۆچی، شوێنی حکومەتەکەی لە قەڵای حەسەناو و پاڵنگانەوە گواستوەتەوە بۆ باشووری شاری سنەی ئێستا. بەر لەمە، سنە شارێکی بچووک بووە کە پێدەچێت بە ھۆی بوومەلەرزە یان ھێرشی مەنگۆلەکانەوە خاپوور کرابێت. ئەمە ڕوونە کە گردی مێژوویی تووس‌نەوزەڕ کە بەدرێژایی ڕووبارەکەدا ھەڵکەوتووە و قەڵای حەسەناوا گرنگیەکی زۆریان لە ڕووی کەوناراییەوە ھەیە. ھەروەھا چەندین گۆڕ لە سنە دۆزراونەتەوە کە دەگەڕینەوە بۆ زۆرتر لە ھەزار ساڵ لەمەوپێش.

سولەیمان خانی ئەردەڵانی دوای گواستنەوەی دەسەڵاتەکەی بۆ سنە، قەڵایەکی بە سەر گردێکەوە دروست کرد بۆ ئەوەی حکوومەتێک بە ئەوپەڕی ھێز و تواناوە دروست بکات. پەیکەر، حەمام، مزگەوت و بازاڕەکانیش لە دەرەوەی بینای قەڵاکە لە سەردەمی سەفەوی و قاجاڕ دا دروست کران و پاشماوەکانی ئەم بینایانە لە ئێستایش دا ھەر ماون.

سنە پێگەیەکی تایبەتی لە ڕووی فەرھەنگی، ھونەری و ئایینیەوە ھەیە لە ناوچە پڕحەشیمەتەکانی کوردستان. چەندین ھونەرمەندی ناوداری لە بەستێنە جۆربەجۆرەکانی فەرھەنگ و ھونەر ھەیە وەک مووزیک، شانۆ، ھونەرە نمایشییەکان. ئەم شارە بە ئایین و مەراسیمە عیرفانیەکانەوە ناسراوە کە ھەر ھەفتە لە تەکیە و خانەقاکان (بەپێی خواست و داوای دەروێشەکان) بەڕێوە دەچێت. عیرفان سەرچاوە لە دابونەریتی کۆنی پارێزگا دەگرێت و لە سەدەی سێھەمەوە خەڵکی کورد کەوتنەتە شوێن ئەم نەریتە. سنە شانازی دەکات بە ھەبوونی ۶۰ خانەقا، کە شوێن و پەناگەی کۆبوونەوەی دەروێشەکان و موریدان/شوێنکەوتووانە. دوو  تەریقەتی سەرەکی لە پارێزگای کوردستان دا ھەن:

  • تەریقەی قادریە

 شوێنکەوتووانی ئەم شاخەیە موریدانی شێخ عەبدولقادری گەیلانین. ئەوان ھەوڵ ئەدەن ڕاستیەکان لە ڕێگەی مەراسیمە ئایینیەکانەوە دەربخەن کە لەوێدا بە دەنگی دەف سەما/زیکر دەکەن ھەتا ئەو کاتەی کە تەواو دەچنە ناخی عیرفانی ئایینی مەراسیمەکەوە.

  • تەریقەی نەقشبەندی

 شوێنکەوتووانی ئەم شاخەیە، موریدانی مەولانا بەھائەدین محەممەدی بوخارایین. ئەوان ھەوڵ ئەدەن ڕاستیەکان لە ڕێگەی بێدەنگی و  بیرکردنەوەی قووڵەوە بەدەست بێنن.

سنە شاری مزگەوتەکانە و زیاتر لە ۱۴۱ مزگەوتی ھەیە و ھەر بۆیە زۆرترین مزگەوتی لەچاو  حەشیمەتی شارەکە لە نێو جیھانی ئیسلام دا ھەیە. ھەروەھا شارێکە کە زۆرترین ئەنیستیتۆی فێرکاری و پەروەردەی باڵای ھەیە (۴۷  ئەنیستیتۆی پەروەردەی باڵا لە پارێزگای کوردستان بریتین لە زانکۆی سنە کە نەک سەرەکی‌ترین زانکۆی حکوومیە، بەڵکو بەرپرسیارەتی ئەنیستیتۆە فەرھەنگیەکانی دیکەی شاری سنەی ھەیە و ئەم پارێزگایە ۲۰٫۰۰۰ خوێندکاری ھەیە (کۆی گشتی خوێندکارانی ئەم پارێزگایە کەمتر لە ۶۰٫۰۰۰ کەسە).

Did you find apk for android? You can find new Free Android Games and apps.