فارسی English

زانکۆی کوردستان سەرکەوتووترین زانکۆی ئێران لە بواری ڕاکێشانی خوێندکارە نێونەتەوەییەکان

زانکۆی کوردستان بە هۆی ڕاکێشانی زیاترین ڕێژەی ئەو خوێندکارە نێونەتەوەییانەی کە پارە دەدەن لە ساڵی ١٣٩٨، بووە جێی ڕێزی ناوەندی کاروباری خوێندکارانی وەزارەتی خوێندنی باڵا.

لە ڕاستای سیاسەتەکانی ناوەندی کاروباری خوێندکارانی وەزارەتی خوێندنی باڵا، بە هۆی سەرکەوتنە بەرچاوەکانی زانکۆی کوردستان لە بواری ڕاکێشانی خوێندکارە نێونەتەوەییەکان، ئەم ناوەندە وێڕای ڕێزلێنان لە دەسکەوتەکانی زانکۆ کوردستان، بڕە پارەی ٣٠٠ ملیۆن تمەن بووجەی بۆ گەشەدانی چالاکییە نێونەتەوەییەکان و ڕاکێشانی خوێندکارانی بیانیی تایبەت بەم زانکۆیەی تەرخان کرد.

زانکۆی کوردستان لە مانگی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٩۴ بە وەرگرتنی ٨  خوێندکاری کارناسیی باڵا لە هەرێمی کوردستانەوە بە شێوازی فەرمی، دەستی بە ڕاکێشانی و وەگرتنی خوێندکارە بیانییەکان گرت. بە گەشەسەندنی ژێرخانەکانی پێویست وەکوو نووسینی ڕێ­وشوێنەکان، کردنەوەی نووستنگە و گەشەدانی دەفتەری پێوەندییە نێونەتەوەییەکان و بە پاڵپشتیی بەرپرسان، زانکۆی کوردستان ڕێژەی خوێندکارەکانی خۆی لە ماوەی ۴ ساڵدا گەیاندە نزیک ۵٠٠ کەس کە ئەمە گەشەی ٧٠بەرابەریی نیشان دەدات.

لە ئێستادا، ۴٩٨ خوێندکاری نێونەتەوەیی لە زانکۆی کوردستان سەرقاڵی خوێندنن کە لەم ڕێژەیە ۴۶٧ کەس لە هەرێمی کوردستانی عێراق، ١٣کەس لە سووریا و ١٢کەس لە ئەفغانستانن. ئەم ڕێژەیە گەشەی  ٧٠ لەسەدیی بە نیسبەت ساڵی ١٣٩٧وە نیشان دەدات. ١٨ لەسەدی خوێندکارە نێونەتەوەییەکانی زانکۆی کوردستان کچ و ئەوەلایشی کوڕن. هەروەها ١٢ لەسەدی ئەم خوێندکارانە لە ئاستی کارناسی و ٨٨ لەسەد لە ئاستەکانی کۆتایی ماستەر و دوکتۆرا سەرقاڵی خوێندنن. بە پێی ڕێژەی خوێندکاران لە کۆلێژە جیاوازەکاندا، کۆلێژی زانستی مرۆیی و کۆمەڵایەتی ١٩١، کۆلێژی زمان و وێژە ٨٩، ئەندازیاری ۶٨، وەرزێڕی ۶۶، زانستە بنەڕەتییەکان ۵٩، سەرچاوە سروشتییەکان ١٢، هونەر و تەلارسازی ٣ خوێندکاری لە خۆ گرتووە.

جێی ئاماژەیە کە تەنیا ١٠ لەسەدی ئەو خوێندکارانەی کە لە زانکۆی کوردستاندا سەرقاڵی خوێندنن بوورسیە کراونەتەوە و ٩٠ لەسەدیان پارە دەدەن. ئەمە لە کاتێکدایە مام­ناوەندی ئەو خوێندکارانەی کە پارە دەدەن  لە زانکۆکانی دیکەی لە وڵاتدا ۴٠ لەسەدە.

لە ساڵانی دواییدا، بە هۆی بەدواداچوونە بەردەوامەکان، زانکۆی کوردستان لە ساڵی ١٣٩۶دا توانیویەتی مۆڵەتی یاسایی بۆ کردنەوەی ناوەندی فێرکاریی زمانی فارسی بۆ غەیرە فارس زمانەکان و هەروەها دەفتەری سەربەخۆی بەڕێوەبەریی کارە کۆنسوولییەکانی خوێندکارە بیانییەکانی پارێزگای کوردستان لە ساڵی ١٣٩٨ لە وەزارەتی خوێندنی باڵا، لێکۆڵینەوە و تەکنەلۆژیا وەربگرێت.