فارسی English

بەڕێوەچوونی یەکەمین دانیشتنی بەرگریی سەرهێڵی خوێندکاری نێونەتەوەیی زانکۆی کوردستان

دانیشتنی بەرگری سەرهێڵی خوێندکاری نێونەتەوەیی زانکۆی کوردستان لە وڵاتی عێراق بە شێوازی سەرهێڵ و بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری خوێندکارانی بیانی وەزارەتی خوێندنی باڵا، سەرۆکی زانکۆی کوردستان و کۆمەڵێک لە بەرپرسانی زانکۆ- هەریەک و لە خاڵێکی جوگرافیایدا- بە سەرکەوتوویی بەڕێوەچوو.

 

زانکۆی کوردستان لە دوای بەجێهێنانی ئەرکی فێرکاریی و توێژینەوەیی خۆی و لە هەمان ڕۆژانی سەرەتایی داخرانی پۆلە فێرکارییەکان، بە خێراییەکی زۆرەوە بەستێنی چالاکییە سەرهێڵەکانی خۆی لە دوای حەفتەیەک پشوودان پێکهێنا. ئەم زانکۆیە لە درێژەدا بە نووسین و دەرکردنی ڕێکارە پێویستەکانی بەرگریی سەرهێڵ لە ماستەرنامە و دوکتۆرانامەی پێکهێنا. هەر لەم ڕاستایەدا ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٠٣/٠٢/٩٩ کاتژمێر ۴۵:١٨ بەڕێز زمناکۆ عەلی محەمەد خوێندکاری ماستەری زانستی کۆمەڵایەتی بواری کۆمەڵناسی، وەکوو یەکەمین خوێندکاری نێونەتەوەیی زانکۆی کوردستان لە شاری سلێمانیی هەرێمی کوردستان بە شێوازی سەرهێڵ و لە ڕێگای ماڵپەڕی سەرهێڵەوە لە ماستەرنامەی خۆی لە ژێر ناوی ” بیچمەی گوتاری فەرهەنگیی سیاسی لەناو حیزبە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان” بەرگری کرد. ئەم دانیشتنە سەرهێڵە بە ئامادەبوونی دوکتۆر عەبدولحەمید عەلیزادە بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری خوێندکارانی بیانیی ناوەندی کاروباری خوێندکارانی وەزارەتی خوێندنی باڵا، لێکۆڵینەوە و تەکنەلۆژیا، دوکتۆر ڕەحمەت سادقی سەرۆکی زانکۆی کوردستان، دوکتۆر محەمەد ڕەزاقی، بەڕێوەبەری فێرکاریی باڵا، دوکتۆر قوباد شەفیعی بەڕێوبەری کاروباری نێونەتەوەیی، دوکتۆر کامەران چەپی بەڕێوەبەری خوێندکارە بیانییەکان، دوکتۆر خالدئەحمەدزادە سەرۆکی کۆلێژی زانستە مرۆییەکان و کۆمەڵایەتیی زانکۆی کوردستان و مامۆستایانی ڕێنوێن و ناوبژیوان و هەریەک لە خاڵێکی جوگرافیاییدا بەڕێوەچوو.

لەم دانیشتنی بەرگرییەدا کە نزیک بە ٩٠ خولەک درێژەی کێشا، بەڕێز زمناکۆ عەلی محەمەد لە ماستەرنامەی خۆی کە لە ژێر چاوەدێریی دوکتۆر ئومید قادرزادە و ڕاوێژکاریی دوکتۆر جەمال محەمەدی ئەندامی لێژنەی زانستیی بەشی کۆمەڵناسیی زانکۆی کوردستان نووسرابوو، بە ئامادەبوونی ناوبژیوانی دەرەکی دوکتۆر حوسەین محەمەدزادە ئەندامی لێژنەی زانستیی زانکۆی پەیام نووری کوردستان و ناوبژیوانی ناوخۆ دوکتۆر کەمال خالق­پەنا ئەندامی لێژنەی زانستیی و سەرۆکی بەشی کۆمەڵناسیی زانکۆی کوردستان بە پلەی سەرتر و سەرکەوتووانە بەرگریی کرد. نوێنەری فێرکاریی باڵا لەم بەرگرییە سەرهێڵەدا لە ئەستۆی دوکتۆر ئارەزوو ئەحمەدپوور ئەندامی لێژنەی زانستیی بەشی پەروەردەیی لەشی زانکۆی کوردستان بوو.

لە کۆتایی دانیشتنەکەدا، دوکتۆر عەلیزادە خۆشحاڵی و پیرۆزبایی خۆی بۆ خوێندکار و مامۆستایانی ڕێنوێن و ڕاوێژکار و سەرۆکایەتی و بەرپرسانی زانکۆی کوردستان بە هۆی خولقاندنی بەستێنی بەرگریی سەرهێڵ بۆ خوێندکارانی نێونەتەوەیی، دەربڕی. بەڕێوەبەری کاروباری خوێندکارە بیانییەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا، زانکۆی کوردستانی وەکوو یەکێک لە زانکۆ پێشەنگەکانی وڵات لە بەشی نێونەتەوەیی و سەرکەوتووترین زانکۆ لە بواری ڕاکێشانی خوێندکارانی نێونەتەوەیی ناوبرد و ئەم سەرکەوتنەی بە بەرپرسانی ئەم زانکۆیە پیرۆزبایی وت.