فارسی English

بەرزبوونەوەی ۲۰۰ پلەیی زانکۆی کوردستان لە نوێترین ڕیزبەندیی تایمز

زانکۆی کوردستان لە نوێترین ڕێزبەندیی گشتی زانکۆکانی جیهانیی تایمزی ۲۰۲۱، بە بەرزبوونەوەیەکی ۲۰۰ پلەیی لە ڕیزی ۶۰۰- ۸۰۰ جێگیربووە.

لە ڕیزبەندیی جیهانی تایمز ۲۰۲۱، زانیاریی زیاتر لە ۲۰۰۰ زانکۆ هەڵسەنگاندنی بۆکراوە کە تەنیا ۱۵۲۷ زانکۆ دەرفەتی بەشداریی لەم ڕیزبەندییەیان بۆ ڕەخساوە. بە پێی ئەو ئەنجامانەی کە بڵاو کراونەتەوە، زانکۆکانی ئاکسفۆرد، ستەنفۆرد و هاڕوارود بە ڕیز لە ڕیزەکانی یەک تا سێی جیهاندا جێگیربوون. لەم نێوانەدا زانکۆی کوردستان، ڕیزی ۶۰۱-۸۰۰ی زانکۆ باوەڕپێکراوەکانی جیهانی بۆ خۆی تەرخانکردووە. 
هەروەها لە نێوان ۴۷ زانکۆی ئێرانی کە لەم ڕیزبەندییەدا بەشداربوون، لە نێوان ئەو زانکۆیانەدا پلەی ۱۱ی بۆ خۆی بەدەستهێنا. ئەمە بۆ جاری دووەمە کە زانکۆی کوردستان لە ڕیزبەندی ناوبراودا هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێت. 
تایمز یەکێکە لە باوەڕپێکراوترینی ناوەندە نێوەنەتەوەییەکانی ڕیزبەندیی تایبەت بە زانکۆکان و ناوەندە زانستییەکانی دنیا. ئەم ناوەندە لە ساڵی ۲۰۰۴ تا ساڵی ۲۰۰۹ بە هاوکاری لەگەڵ ناوەندی QS ناوی زانکۆکانی سەرتری دنیای بڵاو کردەوە. لە ساڵی ۲۰۱۰ هەر یەک لەم ناوەندانە ڕیزبەندییانە بە ڕەوش‌ناسییەکی جیاواز و بە شێوازێکی سەربەخۆ، دەستیاندایە هەڵسەنگاندنی ناوەندە زانستییەکان. 
دەرەنجامە بڵاو کراوەکان لە لایەن ناوەندە نێونەتەوەییەکانی ڕیزبەندی لە چەندین لایەنەوە گرینگایەتییان هەیە.
هەڵسەنگاندن و ڕیزبەندیی زانکۆکان دەرفەتێکی باشە بۆ ناسینی خاڵە لاواز و بەهێزەکانی ئەم ناوەندانە و لە کۆتاییشدا دەبێتە هۆی درووستبوونی بەستێنێک بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی چەندێتی و چلۆنایەتیی فێرکاری و توێژینەوەییان. هەروەها ناساندنی زانکۆکان لە ئاستی ناوچەیی و نێونەتەوەیی، پێکهێنانی دەرفەتی وەرگرتن و پەرەپێدانی هاوکارییە نێونەتەوەییەکان و هەروەها گرتنی خوێندکاری نێونەتەوەیی -یە.  لە باشییەکانی دیکەی ئەم ڕیزبەندییانە دەتوانین بە گەشەی زانکۆ داهێنەرەکان، بەهێزکردنی پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و ئابووری لەگەڵ کۆمەڵگا و ناوەندە پیشەییەکاندا ئاماژە بکەین.

🔶 زانیاری زیاتر