لە سێیەمین کۆبوونەوەی کارگرووپی نیشتمانیی ڕاکێشانی خوێندکارانی نێودەوڵەتی:
بەڕێوەبەری کاروباری نێودەوڵەتیی زانکۆی کوردستان بەشدارییەکی چالاکانەی لە کۆبوونەوەی کارگرووپی نیشتمانیی ڕاکێشانی خوێندکارانی نێودەوڵەتی کرد
بەڕێوەبەری کاروباری نێودەوڵەتیی زانکۆی کوردستان لە سێیەمین کۆبوونەوەی ڕووبەڕووی کارگرووپی نیشتمانیی ڕاکێشانی خوێندکارانی نێودەوڵەتی کە بە میوانداریی زانکۆی زانست و پیشەسازی بەڕێوە چوو، بەشداری کرد.
بەپێی ڕاپۆرتی پەیوەندییە گشتییەکانی زانکۆی کوردستان؛ دکتۆر حوسێن بێوەرانی، بەڕێوەبەری کاروباری نێودەوڵەتیی زانکۆی کوردستان، لە سێیەمین کۆبوونەوەی ڕووبەڕوو (شەست و هەشتەمین کۆبوونەوەی یەک لە دوای یەک)ی ئەندامانی کارگرووپی نیشتمانیی ڕاکێشانی خوێندکارانی نێودەوڵەتی کە ڕۆژی یەکشەممە ٢٤ی جۆزەردانی ١٤٠٥ بە میوانداریی زانکۆی زانست و پیشەسازی بەڕێوە چوو، بەشدارییەکی چالاکانەی کرد.
لەو کۆبوونەوەیەدا کە بە ئامادەبوونی جێگری وەزیر و سەرۆکی ڕێکخراوی کاروباری خوێندکاران، جێگری بۆرسە و کاروباری خوێندکارانی دەرەوە، بەڕێوەبەری گشتیی خوێندکارانی نێودەوڵەتیی ڕێکخراوی کاروباری خوێندکاران، سەرۆکی زانکۆی زانست و پیشەسازی و کۆمەڵێک لە ئەندامانی کارگرووپەکە بەڕێوە چوو، کارکردی زانکۆکان لە بواری ڕاکێشانی خوێندکارانی نێودەوڵەتی لە سەردەمی شەڕ، ئاستی خۆڕاگریی زانکۆکان و بەردەوامیی دیپلۆماسیی زانستیی وڵات لە بارودۆخی قەیرانیدا تاوتوێ کرا.
دکتۆر بێوەرانی وەک یەکێک لە ئەندامانی ئەم کارگرووپە، ڕاپۆرتێکی لەسەر دۆخی کاروباری نێودەوڵەتیی زانکۆی کوردستان پێشکەش کرد و پێشنیارەکانی خۆی سەبارەت بە داڕشتنی سیاسەتی نوێ، گرنگیی بازاڕدۆزیی نێودەوڵەتی و دەستنیشانکردنی وڵاتانی ئامانجی نوێ بۆ هەمەجۆرکردنی خوێندکارانی بیانی خستە ڕوو.
لە بەشی کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، ئەندامانی کارگرووپەکە بە دەرکردنی بەیاننامەیەک جەختیان لەسەر جێبەجێکردنی بەرنامە گۆڕانکارییەکانی گونجاو لەگەڵ پێداویستییەکانی دوای شەڕ کردەوە، لەوانە سوودوەرگرتن لە تواناکانی فێرکاریی ئەلیکترۆنی، زیرەککردنی ژێرخانەکان و خێراکردنی پڕۆسەکانی ڕاکێشان و وەرگرتنی خوێندکارانی نێودەوڵەتی.
شایانی باسە؛ زانکۆی کوردستان لەگەڵ زانکۆکانی تەورێز، شەهید چەمرانی ئەهواز، شیراز، شەهید باهۆنەری کرمان، ئەسفەهان، مازەندەران، فێردەوسی مەشهەد، نێودەوڵەتیی ئیمام خومەینی (رە)، تاران، شەهید بەهەشتی، زانست و پیشەسازیی ئێران، پیشەسازیی ئەمیرکەبیر، پیشەسازیی شەریف، تەربیەت مودەریس، خوارزمی، پیشەسازیی خواجە نەسیر، عەللامە تەباتەبایی و ئەلزەهرا (س)، ئەندامی کارگرووپی نیشتمانیی ڕاکێشانی خوێندکارانی نێودەوڵەتین.
زانکۆی کوردستان وەک یەکێک لە ئەندامانی کارگرووپی نیشتمانیی ڕاکێشانی خوێندکارانی نێودەوڵەتی، هەمیشە لە پێناو بەرزکردنەوەی پێگەی نێودەوڵەتی و پەرەپێدانی پەیوەندییە زانستی و کولتوورییەکان لەگەڵ وڵاتانی دیکە هەنگاوی ناوە. پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە دکتۆر حوسێن بێوەرانی لە مانگی بەفرانباری ١٤٠٤ەوە وەک بەڕێوەبەری کاروباری نێودەوڵەتیی زانکۆی کوردستان دەستبەکار بووە.
