10 06 2026

شانازییەکی دیکە بۆ زانکۆی کوردستان:

جۆرێکی نوێی شیرۆنۆمیدە بە ناوی فەرمانبەرێکی زانکۆی کوردستانەوە ناونرا

لە وتارێکدا کە لە گۆڤاری زانستیی Zootaxa بڵاوکراوەتەوە، جۆرێکی نوێ لە خێزانی شیرۆنۆمیدە کە لە کۆستاریکا ناسێنراوە، وەک ڕێزلێنانێک بە ناوی یەکێک لە فەرمانبەرانی زانکۆی کوردستانەوە ناونرا.

بەپێی ڕاپۆرتی پەیوەندییە گشتییەکانی زانکۆی کوردستان؛ لە وتارێکدا کە بەم دواییانە لە گۆڤاری زانستیی Zootaxa (بەرگی ٥٧٩٣، ژمارە ٢، نیسانی ٢٠٢٦) بڵاوکراوەتەوە، جۆرێکی نوێ لە خێزانی شیرۆنۆمیدە بە ناوی زانستیی Pseudorthocladius (Pseudorthocladius) edrisghaderii کە لە وڵاتی کۆستاریکا دۆزراوەتەوە و ناسێنراوە، بە شانازیی دکتۆر ئیدریس قادری، فەرمانبەری زانکۆی کوردستان، ناونراوە.

لەو وتارەدا هاتووە: "ئەم جۆرە بە شانازیی دکتۆر ئیدریس قادری لە زانکۆی کوردستان و وڵاتی ئێران، وەک پێزانینێک بۆ ساڵانێک پشتگیری و هاوکاریی زانستیی ناوبراو لە بواری ناسینەوەی جۆرەکانی ئەم خێزانەدا ناونراوە".

شایانی باسە دکتۆر ئیدریس قادری لەگەڵ هاوکارانی لە زانکۆی کوردستان و هاوکارە نێودەوڵەتییەکانی، تا ئێستا جگە لە تۆمارکردنی زیاتر لە ٥٠ جۆر لە خێزانی شیرۆنۆمیدە لە ئێران، سەرکەوتوو بووە لە ناساندن و دۆزینەوەی دوو ڕەگەزی نوێ بە ناوەکانی Eraniella (ئێران) و Alaskscladius (ویلایەتە یەکگرتووەکان- ئالاسکا) لەم خێزانەدا.

هەروەها ناوبراو لە هاوکارییەکانی لەگەڵ دکتۆر حەبیبوڵڵا محەمەدی و دکتۆر عیرفان کەریمیان لە زانکۆی کوردستان و هاوکارە نێودەوڵەتییەکان، توانیویەتی ٨ جۆر لەم خێزانە لە ئێران، ئەورووپا و ئەمریکا وەسف بکات.

جێی ئاماژەیە؛ دکتۆر ئیدریس قادری کە ساڵانێکی زۆرە لە بواری بومناسیی ئاژەڵە ئاوییەکان و تاکسۆنۆمیی ئاوییەکاندا چالاکە، بە هاوکارییە نێودەوڵەتییەکانی ڕۆڵی هەبووە لە ناسینەوە و بەڵگەدارکردنی جۆرە جیاوازەکانی ماسی و بوونەوەرە ئاوییەکانی دیکە لە ئێراندا.