09 02 2026

جێگری فێرکاریی زانکۆی کوردستان پەرەپێدانی بەشە زانستییەکان، تەیارکردنی تاقیگەکان و دامەزراندنی ناوەندی تاقیکردنەوەی مەجازیی بە ئامانجی بەرزکردنەوەی کوالێتیی فێرکاری ڕاگەیاند. ناوبراو وێڕای خستنەڕووی ستراتیژییە گشتییەکانی زانکۆ، جەختی لەسەر بەدیهێنانی دادپەروەریی فێرکاری، گۆڕانکاری لە سیستەمی فێربوون، بەهێزکردنی مەرجەعییەتی زانستی و هەنگاونان بەرەو نێودەوڵەتیکردن وەک کۆڵەکەکانی بەرنامە ستراتیژییەکانی زانکۆ کردەوە.

دادپەروەریی فێرکاری و نێودەوڵەتیکردن؛ تەوەرەی گۆڕانکاری لە فێرکاریی زانکۆی کوردستاندا

بەپێی ڕاپۆرتی پەیوەندییە گشتییەکانی زانکۆی کوردستان؛ دکتۆر محەممەد ڕەزاقی ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی ڕێبەندان لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی زانکۆدا کە بە ئامادەبوونی جێگری فێرکاریی وەزارەتی زانست، توێژینەوە و تەکنەلۆژیا بەڕێوەچوو، ئاماژەی بە گرنگیی سیستەمێکی ئاماری ورد کرد و وتی: نەبوونی یەکگرتوویی لە داتا فێرکارییەکاندا یەکێکە لە ئاستەنگەکان، هەر بۆیە دامەزراندنی «ناوەندی ئاماری فێرکاری» بۆ چارەسەرکردنی ناتەبایییەکان و بڕیاردان لەسەر بنەمای داتای ورد خراوەتە کارنامەی زانکۆوە. ناوبراو ڕایگەیاند کە زانکۆ ئێستا خاوەنی ٢٠٤ خولی فێرکارییە لە ئاستە جیاوازەکاندا و پەرەپێدانی کوالیتیی ئەم بەشانە بەردەوامە.

دکتۆر ڕەزاقی هەروەها ئاماژەی بە پێویستیی نۆژەنکردنەوەی تاقیگەکان و پەرەپێدانی ژێرخانە فێرکارییەکان کرد و وتی کە کارە کارگێڕییەکان بۆ دابینکردنی بودجەی پێویست ئەنجام دراون. لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، باسی لە سەرکەوتنی زانکۆ لە بەڕێوەبردنی تاقیکردنەوە مەجازییەکان و داڕشتنی وانە نوێیەکانی وەک «بەرگریی شارستانی» و «ئامادەیی لە بەرامبەر ڕووداوەکان» کرد. لە کۆتاییدا، جێگری فێرکاریی زانکۆ باسی لە قۆناغەکانی کۆتایی پەسندکردنی ماستەری «زمان و ئەدەبی کوردی» و دامەزراندنی بەشی «پیشەسازیی بەرد» کرد وەک هەنگاوێک بۆ پەرەپێدانی لێهاتوویی پیشەیی لە پارێزگادا.