سەرۆکی دامەزراوەی توێژینەوەی زانستە باخدارییەکانی وڵات لە مەراسیمی کۆتایی چواردەیەمین کۆنگرەی زانستە باخدارییەکانی ئێران جەختی کردەوە:
دەبێت لەبەر ڕۆشنایی تەحەدییەکانی وڵات پێداچوونەوە بە ئەولەویەتەکانی توێژینەوەی باخداریدا بکرێت
سەرۆکی دامەزراوەی توێژینەوەی زانستە باخدارییەکانی وڵات جەختی لەسەر پێویستی پێداچوونەوە بە ئەولەویەتەکانی توێژینەوەی باخداری گونجاو لەگەڵ تەحەدییەکانی ئێستای وڵات کردەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی پەیوەندییە گشتییەکانی زانکۆی کوردستان؛ ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠ی جۆزەردان، لە کۆتایی چواردەیەمین کۆنگرەی زانستە باخدارییەکانی ئێران، محێدین پیرخزری بە ئاماژەدان بە پێویستی ستراتیژی نوێ لە کێشانی داهاتووی باخداری وڵات وتی: "وەبەرهێنان لە باخداریدا، وەبەرهێنانە لە داهاتووی وڵاتدا."
زیادی کرد: "کەمیی ئاو گرنگترین تەحەدی ئێستا و داهاتووی وڵاتە و ستراتیژیترین هۆکاری سنووردارکەری پێشکەوتنی ئابووری و بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی وڵاتە."
سەرۆکی دامەزراوەی توێژینەوەی زانستە باخدارییەکانی وڵات ڕایگەیاند: "لە ماوەی دەیەکانی ڕابردوودا گەشەی چەندایەتی و چۆنایەتی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان زیادی کردووە، بەڵام بە نرخێکی گران لەسەر ژینگە، کە ئەم بابەتە دەبێت زۆر سەرنجی بدرێتێ."
ڕوونی کردەوە: "لە بارودۆخێکدا کە سەرچاوە ئاوییەکانی وڵات لەژێر گوشارێکی زۆردان، کەڵک وەرگرتن لە تواناکانی باخداریی دێم دەتوانێت ڕۆڵێکی سەرەکی لە ئاسایشی خۆراک، دامەزراندنی لادێنشینان و گەشەپێدانی بەردەوامدا بگێڕێت." ناوبراو دروستکردنی مۆدێلە ئابوورییە بەردەوامەکانی لە بەرهەمهێنانی بەرهەمە باخدارییەکاندا کە سەرنجی وەبەرهێنان ڕابکێشێت، بە پێویست زانی.
هەروەها داوای لێکۆڵینەوە و شیکردنەوەی هەموو ئەو بەرهەمە زانستییانەی کرد کە لە کۆنگرەکانی باخداریدا لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوودا پێشکەش کراون و پێداچوونەوە بە ئاستی کاریگەرییەکانیاندا بکرێت.
