09 02 2026

جێگری فێرکاریی وەزارەتی زانست، توێژینەوە و تەکنەلۆژیا لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی زانکۆی کوردستاندا، جەختی لەسەر بەرزکردنەوەی کوالێتیی فێرکاری و بەرهەمداریی سەرچاوەکان کردەوە و ئاماژەی بە ڕۆڵی زانکۆکان لە چارەسەرکردنی کێشەکانی کۆمەڵگا و بەکارهێنانی تواناکانی زانست بۆ خزمەتکردنی خەڵک کرد.

زیادکردنی ژمارەی زانکۆکان بەس نییە، بەڵکوو کوالێتیی فێرکاری لە ئەولەویەتدایە

بەپێی ڕاپۆرتی پەیوەندییە گشتییەکانی زانکۆی کوردستان؛ ئەبولفەزڵ واحیدی ڕۆژی دووشەممە لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی زانکۆی کوردستاندا، وێڕای دەستخۆشی لە میواندۆستی و کەرامەتی خەڵکی پارێزگای کوردستان، جەختی لەسەر گرنگیی پەرەپێدانی کوالێتی و بەرهەمداری لە خوێندنی باڵادا کردەوە و وتی: "هیوادارین زانکۆی کوردستان بە سەرنجدان بە سەرمایە مرۆییە گەورەکەی، بتوانێت وەک ئەوەی کە شایستەیە بگاتە پێگەیەکی بەرز لە ئاستی نیشتمانی و ناوچەییدا."

ناوبراو بە ئاماژەدان بە بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکانی نیوەساڵی ڕابردوو وتی: "وەک ئاگادارن تاقیکردنەوەکانی مانگی خەرمانان بە دواکەوتنەوە بەڕێوەچوون و دەستپێکی نیوەساڵی نوێش لەگەڵ هەندێک ئاستەنگدا بوو، کە سەرەڕای دابینکردنی ژێرخانەکان، کوالێتیی بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکان و دادپەروەریی فێرکاری بەهۆی سنوورداریی دەستڕاگەیشتنی خوێندکاران بە ئینتەرنێت و ئامرازە نوێیە فێرکارییە ژیرەکان، بە شێوەیەکی تەواو جێبەجێ نەکرا." جێگری فێرکاریی وەزارەتی زانست هیوای خواست کە بە پلاندانانی باشتر، نیوەساڵی داهاتوو ئەزموونێکی سەرکەوتووتر بۆ خوێندکاران و مامۆستایان بێت.

واحیدی وێڕای بەرزڕاگرتنی ساڵیادی سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی و یادی شەهیدانی شۆڕش، ڕۆڵی دڵسۆزی، بڕوا و متمانەی خەڵکی بە ئیمام خومەینی (ڕە) لە پێکهاتنی شۆڕشدا بە بەرچاو وەسف کرد و وتی: "سیستەمی فێرکاریی ئێرانیش لە سەرەتای شۆڕشەوە تا ئێستا گۆڕانکاریی زۆر گەورەی بەسەردا هاتووە."

ناوبراو ئاوڕێکی لە مێژووی زانکۆی کوردستان دایەوە و وتی: "چالاکییەکانی ئەم زانکۆیە لە ساڵی ١٣٥٣ دەستی پێکردووە و لە ساڵی ١٣٥٥ وەک خانەی مامۆستایان و بەشێک لە زانکۆی کرماشان دەستی بەکار کردووە و لە ساڵی ١٣٧٠ وەک زانکۆیەکی سەربەخۆ ناسێندرا؛ ئەو نەمامەی ئەو کاتە چێنرا، ئێستا بووەتە دارێکی بەنرخ کە بەرهەمەکانی بۆ شاری سنە، پارێزگای کوردستان و ناوچەی ڕۆژئاوای وڵاتە و پێگەکەشی لە داهاتوودا بەرزتر دەبێتەوە."

لە بەردەوامییدا باسی لە ڕەوتی پەرەپێدانی خوێندنی باڵای وڵات کرد و وتی: "لە سەرەتای شۆڕشەوە تا ئێستا گەشەی زانکۆ و بەشە زانستییەکان بە خێراییەکی زۆر ڕوویداوە، بەڵام پەرەپێدانی چەندایەتی بەبێ ڕەچاوکردنی کوالێتی و بەرهەمداری، بەس نییە."

واحیدی ڕایگەیاند: "لە ئێستادا زیاتر لە ١٨٠٠ دامەزراوەی خوێندنی باڵا لەوانە زانکۆ و پەیمانگا حکومی و ناحکومییەکان لە وڵاتدا هەن. لە سەردەمی گەشەی زانکۆکاندا ژمارەی خوێندکاران نزیکەی ٤ ملیۆن و ٤٠٠ هەزار کەس بوو، کە ئێستا ئەم ڕەوتە ڕووی لە کەمی کردووە و بۆ ٣ ملیۆن و ٣٠٠ هەزار کەس دابەزیوە. ئەمەش دەری دەخات کە تەنیا زیادکردنی ژمارەی زانکۆ و بەشەکان، بەبێ وەڵامدانەوەی پێداویستیی ڕاستەقینەی کۆمەڵگا و خوێندکاران بەس نییە و پێویستی بە بەڕێوەبردنی ژیرانە و پلاندانانی ورد هەیە."

هەروەها وتی: "کەمبوونەوەی ژمارەی خوێندکاران لە زانکۆکاندا چەندین هۆکاری هەیە، لەوانە بابەتە دیمۆگرافییەکان و گۆڕانی پارادایم و نموونەکان لە سەردەمی ئێستادا؛ چونکە ئەمڕۆ دیدگاکان بەرامبەر بە خوێندن و تەنیا وەرگرتنی بڕوانامەی زانکۆ گۆڕاوە و زیاتر بەرەو فێربوونی لێهاتوویی و پیشە هەنگاو دەنێت."

واحیدی بە ئاماژەدان بە دۆخی زانکۆی کوردستان وتی: "بۆ چارەسەرکردنی کێشەی شوێن و پۆلەکان، گۆڕانکاری لە کاتی وانەکاندا کراوە و ئێستا بە پلاندانانی گونجاو، دەرفەتی سوودوەرگرتنی باشتر لە شوێنە فێرکارییەکان ڕەخساوە." جەختیشی کردەوە کە دامەزراندنی ناوەندەکانی گەشەپێدان و باڵایی فێرکاری و گواستنەوە لە فێرکاریی نەریتییەوە بۆ فێرکاریی نوێ، بەکارهێنانی نەرمەواڵە و تەکنەلۆژیا فێرکارییەکان و گۆڕینی ڕوانینی خوێندکاران بۆ فێربوون، لە ئەولەوییەتە گرنگەکانی زانکۆکانن بۆ بەرزکردنەوەی کوالێتیی فێرکاری.

هەروەها ئاماژەی بە سنوورداریی بودجەی خوێندنی باڵا کرد و وتی: "پشکی زانکۆکان لە بودجەی گشتیی وڵات کەمتر لە یەک لەسەدە و ئەمەش سنوورداریی لە دابینکردنی سەرچاوەکان بۆ پەرەپێدانی ژێرخانەکان دروست کردووە، بۆیە پێویستە زانکۆکان بە بەڕێوەبردنی گونجاو، ڕاکێشانی سەرچاوەی نوێ و زیادکردنی بەرهەمداری، درێژە بە ڕێڕەوی پێشکەوتن بدەن."