22 11 2026

بە بەشداریی هاوبەشی زانکۆی کوردستان، زانکۆی پۆلیتەکنیکی گەرمیان و زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لە شاری کەلار بەڕێوە دەچێت

بەڕێوەچوونی یەکەمین سیمپۆزیۆمی نێودەوڵەتیی «داهاتووی وزە پاک و نوێبووەکان لە گەرمیان» بە بەشداریی هاوبەشی زانکۆی کوردستان

بەپێی ڕاپۆرتی بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری نێودەوڵەتیی زانکۆی کوردستان، یەکەمین سیمپۆزیۆمی نێودەوڵەتیی داهاتووی وزە پاک و نوێبووەکان لە گەرمیان (The 1st International Symposium on the Future of Clean & Renewable Energy in Garmian) بە هاوکاریی هاوبەشی هەرسێ زانکۆی «کوردستان»، «پۆلیتەکنیکی گەرمیان» و «پۆلیتەکنیکی هەولێر»، ڕۆژی دووشەممە ٣٠ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٦ (٩ی سەرماوەزی ١٤٠٥) لە کاتژمێر ٩:٠٠ تا ١٢:٠٠ لە هۆڵی ڕۆشنبیریی شاری کەلار بەڕێوە دەچێت.

ئەم بۆنە زانستییە بە ئامانجی بەهێزکردنی پەیوەندییە زانستی و ئەکادیمییەکانی نێوان هەرسێ زانکۆ، ئاڵوگۆڕی ئەزموون و شارەزایی لە بواری وزە و تەکنەلۆژیادا، پەرەپێدانی توێژینەوە و داهێنان، دروستکردنی پەیوەندی لە نێوان زانکۆ و کەرتی تایبەت و ڕەخساندنی زەمینە بۆ جێبەجێکردنی یاداشتنامەکانی لێکتێگەیشتن (MoU) و ئاڵوگۆڕی مامۆستا و خوێندکار ڕێکخراوە.

بەرنامەکانی دیپلۆماسیی زانستی و ڕاوێژکاریی هاوبەشی زانکۆیی: لە پەراوێزی بەڕێوەچوونی ئەم سیمپۆزیۆمەدا لە شاری کەلار، بەڕێوەبەری کاروباری نێودەوڵەتیی زانکۆی کوردستان (پرۆفیسۆر حوسێن بێورانی) دیداری فەرمی لەگەڵ ئەندامانی دەستەی سەرۆکایەتیی زانکۆی پۆلیتەکنیکی گەرمیان و سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر ئەنجام دەدات. لەم کۆبوونەوانەدا ڕێکارە کردەییەکانی فراوانکردنی هاوکاریی زانستی، فێرکاری و توێژینەوەی هاوبەش و هەروەها ناساندنی توانا و دەرفەتە زانستی و تاقیگەییەکانی زانکۆی کوردستان، بەتایبەت لە بوارەکانی زانستە تەکنیکی و ئەندازیارییەکاندا تاوتوێ دەکرێن.

بەشداریی زانستیی زانکۆی کوردستان لە پانێڵە پسپۆڕییەکانی سیمپۆزیۆمدا: بەپێی پڕۆگرامی فەرمیی ڕاگەیەندراو، سیمپۆزیۆمەکە دوو پانێڵی زانستی و نمایشکردنی کورتەفیلمێکی دۆکیومێنتاری لەخۆ دەگرێت. لە پانێڵی یەکەمدا (کاتژمێر ٩:١٥) کە تایبەتە بە «چارەسەرکردنی قەیرانی کارەبا و کەمکردنەوەی پاشماوەی ژینگەیی لە ڕێگەی پڕۆژەکانی وزەی نوێبووەوە و خۆر و با لە گەرمیان»، دکتۆر میهرداد غوڵامی، پرۆفیسۆری یاریدەدەر و سەرۆکی بەشی ئەندازیاریی کارەبا و کۆنترۆڵی زانکۆی کوردستان، شانبەشانی سەرۆکی بەشی ئەندازیاریی تەکنەلۆژیای ئۆتۆماتیکی پیشەسازیی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای گەرمیان وتار پێشکەش دەکات.

هەروەها لە پانێڵی دووەمی سیمپۆزیۆمەکەدا، بابەتی «نەخشەڕێگای ڕاکێشانی سەرمایە و هاوبەشیی نێوان کەرتی گشتی و تایبەت (PPP) بۆ پەرەپێدانی وزەی پاک لە هەرێمی کوردستان بە گشتی و گەرمیان بە تایبەتی» بە بەشداریی مامۆستایانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی گەرمیان و بەڕێوەبەرانی کۆمپانیاکانی بواری وزەی خۆر گفتوگۆی لەسەر دەکرێت.

خوازياران و توێژەران دەتوانن فایلی برۆشۆری بەرنامەی سیمپۆزیۆم و پۆستەری فەرمیی کۆڕبەندەکە لە ڕێگەی بەستەرەکانی خوارەوە دابەزێنن: