30 09 2026

شیکاریی پێکهاتەییی ئەنجامەکانی ڕیزبەندیی زانکۆکانی جیهانی تایمز ٢٠٢٧ (WUR 2027)

زانکۆی کوردستان پلەی ١٨یەمی لەنێوان زانکۆ گشتی و ناپزیشکییەکانی ئێراندا بەدەست هێنا / بەدەستهێنانی پلەی ٤٨ی گشتی لە سیستەمی تایمزدا

 

دامەزراوەی نێودەوڵەتیی تایمز (Times Higher Education) ئەنجامەکانی ڕیزبەندیی جیهانیی زانکۆکانی بۆ ساڵی ٢٠٢٧ بە فەرمی بڵاو کردەوە. لەم خولەدا، لە کۆی گشتیدا ٢,٢٩٧ دامەزراوە لە ١١٨ وڵاتی جیهانەوە هاتوونەتە هەڵسەنگاندن. لە ئاستی نیشتمانیدا، لە کۆی گشتیدا ٨٩ زانکۆ لە کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لەم سیستەمەدا ئامادەییان هەبووە، کە لەو ژمارەیە ٧٥ زانکۆ سەرکەوتوو بوون لە بەدەستهێنانی پلەی فەرمیی ژمارەیی و ١٤ زانکۆش لە دۆخی "Reporter" (نێنەری داتا بێ بەدەستهێنانی پلە) دانراون.

لە کۆی ئەم هەڵسەنگاندنە نێودەوڵەتییەدا، زانکۆی کوردستان لە بەندی جیهانیی ١٢٠١ تا ١٤٠٠ جێگیر بووە و لە ئاستی نیشتمانیدا، پلەی ٤٨ی لەنێوان کۆی ٨٩ زانکۆی ئامادەدا (وه هەروەها لەنێوان ٧٥ زانکۆی ڕیزبەندکراودا) بەدەست هێناوە.

پلەی ١٨ لە گرووپی زانکۆ ناپزیشکییەکاندا

شیکاریی جیاکەرەوەی پێکهاتەی زانکۆ پێشەنگەکان نیشانی دەدات کە ٢٧ زانکۆی زانستە پزیشکییەکان لە پلەکانی سەرەودا جێگیر بوون. هەروەها لە بواری زانکۆ ناپزیشکییەکاندا (گشتی، پیشەسازی و ک کشتوکاڵییەکان)، تەنیا ١٧ زانکۆ کە برتیین لە: پیشەسازیی ئەمیرکەبیر، زانست و صنعت، پیشەسازیی شەریف، تاران، پیشەسازیی شیراز، پیشەسازیی نۆشیروانیی بابل، پیشەسازیی ئەسفەهان، تەبرێز، شەهید بەهەشتی، شیراز، ورمێ، فیردەوسیی مەشهەد، زانستە کشتوکاڵییەکان و سەرچاوە سروشتییەکانی گوڕگان، پیشەسازیی خواجە نەسیرەدینی تۆسی، سمنان، شەهید باهونەری کەرمان، و کاشان لە سەرەوەی زانکۆی کوردستاندا وەستاون. بەم شێوەیە، زانکۆی کوردستان پلەی ١٨یەمی لەنێوان زانکۆ گشتی و ناپزیشکییەکانی ئێراندا بەدەست هێناوە.

زانکۆی کوردستان لە هەڵسەنگاندنی ساڵی ٢٠٢٧دا، لە بەندی هاوبەشی ڕیزبەندیدا لەگەڵ کۆمەڵێک لە زانکۆ ناودارەکانی وڵات لەوانە خوارزمی، ئەسفەهان، مازەندەران، یەزد، ئیمام خومەینیی نێودەوڵەتی، حەکیم سەبزواری، خەلیجی فارس، پیشەسازیی سەهەند، مەراغە، و محەقەقی ئەردەبیلی بەیەکەوە جێگیر بوون و بەپێی پێوەرەکان، لە سەرووی چەندین زانکۆی دیاری وەک عەلامە تەباتەبایی، بۆعەلی سینا، ڕازی، گێڵان، ئالزەهرا، زەنجان، ئەراک، ئیلام، و لوڕستانەوە وەستاوە.

شیکاریی پێوەرەکانی کارکردن

پشکنینی ڕەهەندەکانی پێنج کۆڵەکەکەی تایمز (فێرکاری، ژینگەی توێژینەوە، کوالیتیی توێژینەوە، پەیوەندی لەگەڵ پیشەسازیدا، و ڕوانینی نێودەوڵەتی) ئاراستە سەرەکییەکانی کارکردنی زانکۆی کوردستان ڕوون دەکاتەوە:

١. کوالیتیی توێژینەوە (Research Quality): خاڵی پشتیوانیی سەرەکیی زانکۆی کوردستان پێوەری کوالیتیی توێژینەوە و ئاستی کاریگەریی ئاماژەپێدانە زانستییەکانە. بە بەکارهێنانی میتۆدۆلۆژیی نوێی WUR 3.0 کە جگه لە کاریگەریی ئاماژەپێدان (FWCI)، ئاستەکانی هێز، بەرزى و کاریگەریی توێژینەوەش هەڵدەسەنگێنێت، جێگیریی کوالیتیی بەرهەمە زانستییەکانی ئەم زانکۆیە پارێزراوە.

٢. پەیوەندی لەگەڵ پیشەسازیدا (Industry): ڕاکێشانی پڕۆژە توێژینەوەییە دەرەکییەکان و کارپێکراوەکان لە ساڵانی دواییدا یارمەتیدەر بووە لە جێگیربوونی خاڵەکانی زانکۆ لەم بەشەدا.

٣. ئاستەنگە پێکهاتەیییەکان (ژینگەی توێژینەوە و ڕوانینی نێودەوڵەتی): کەمیی خاڵەکان لە بەشی ڕوانینی نێودەوڵەتیدا (ڕێژەی مامۆستا و خوێندکاری بیانی و توێژینەوە هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان) و هەروەها نمرەی ناوبانگی ئەکادیمی لە ڕاپرسییە نێودەوڵەتییەکاندا، سەرەکیترین ئاستەنگی پێکهاتەییین کە ئاستی بەرزبوونەوەی زیاتری ڕیزبەندیی زانکۆکە سنووردار دەکەن.

ڕوانینی داهاتوو

ئەنجامەکانی ڕیزبەندیی تایمزی ٢٠٢٧ نیشانی دەدەن کە پاراستن و بەرزکردنەوەی پێگەی زانکۆی کوردستان لەنێوان زانکۆ گشتییەکانی وڵاتدا، پێویستی بە پلاندانانی ئامانجدار هەیە بۆ گەشەپێدانی دیپلۆماسیی زانستی، ئاسانکاری بۆ دەرفەتە توێژینەوەییە نێودەوڵەتییەکان، بەرزکردنەوەی ناوبانگی توێژینەوەیی لە ڕاپرسییە جیهانییەکاندا، و زیادکردنی ڕێژەی داهاتە توێژینەوەییە دەرەکییەکان.