11 11 2023

بەپێی ئەنجامەکانی ڕیزبەندیی زانکۆ ئاسیایییەکانی کیو ئێس (QS) بۆ ساڵی ٢٠٢٤، زانکۆی کوردستان بۆ یەکەمین جار توانی ناوی خۆی لە لیستی زانکۆ باڵاکانی ئاسیادا تۆمار بکات و پێگەی ٢٩١-٣٠٠ بەدەست بهێنێت.

ڕیزبەندیی کیو ئێس (QS)؛ ئامادەبوونی زانکۆی کوردستان لە نێو زانکۆ باڵاکانی ئاسیادا

 

لە لیستی ڕیزبەندیی کیو ئێسی زانکۆکانی ناوچەی ئاسیا بۆ ساڵی ٢٠٢٤دا، ٨٥٧ زانکۆ لە وڵاتانی بەنگلادیش، بروونای، چین، هۆنگ کۆنگ، هیندستان، ئیندۆنیزیا، ئێران، ژاپۆن، کازاخستان، قرغیزستان، ماکاو، مالیزیا، مەنگۆلیا، پاکستان، فلیپین، سەنگاپوور، کۆریای باشوور، سریلانکا، تایوان، تاجیکستان، تایلەند، ئۆزبەکستان و ڤێتنام ئامادەبوونیان هەیە. هەروەها ناوی ٣١ زانکۆی ئێرانی لەم ڕیزبەندییەدا دەبینرێت؛ لەم نێوەدەدا زانکۆی کوردستان بە بەدەستهێنانی پلەی ١٥ لە نێوان زانکۆ ئێرانییەکاندا (گشتگیر و پیشەسازی)، پلەی ٦٧ لە نێوان زانکۆکانی ناوچەی باشووری ئاسیا و پلەی گشتیی ٢٩١-٣٠٠ لە نێوان زانکۆ باڵاکانی ئاسیادا جێگیر بوو.

 پێوەرەکانی هەڵسەنگاندنی ئەم ڕیزبەندییە بەم شێوەیەی خوارەوەن:

  • ١- توێژینەوە و لێکۆڵینەوە: پێکهاتووە لە ناوبانگی زانستی (کێشی ٣٠٪)، ئاماژەکردن بە وتارەکان (کێشی ١٠٪) و تێکڕای ژمارەی بڵاوکراوە زانستییەکان لە لایەن هەر ئەندامێکی دەستەی فێرکارییەوە (کێشی ٥٪).

  • ٢- دامەزراندن و هەلی کار: هەڵسەنگاندنی خاوەنکاران (کێشی ٢٠٪).

  • ٣- ئەزموونی فێربوون: پێکهاتووە لە ڕێژەی ئەندامانی دەستەی فێرکاری بەرانبەر بە خوێندکاران (کێشی ١٠٪) و ڕێژەی سەدیی ئەو ئەندامانەی دەستەی فێرکاری کە خاوەنی بڕوانامەی دکتۆران (کێشی ٥٪).

  • ٤- کارلێکە جیهانییەکان: پێکهاتووە لە پێواژۆ و پێوەندییە توێژینەوەیییە نێودەوڵەتییەکان (کێشی ١٠٪)، پرۆگرامی ئاڵوگۆڕی خوێندکاران (کێشی ٥٪)، ئەندامانی نێودەوڵەتیی دەستەی فێرکاری (کێشی ٢.٥٪) و خوێندکارانی نێودەوڵەتی (کێشی ٢.٥٪).