بەڕێوەچوونی یەکەمین کۆبوونەوەی مەجازیی ڕاوێژکاری لەگەڵ خوێندکارانی نێودەوڵەتیی زانکۆی کوردستان
بەڕێوەچوونی یەکەمین کۆبوونەوەی مەجازیی ڕاوێژکاری لەگەڵ خوێندکارانی نێودەوڵەتیی زانکۆی کوردستان
ئەم کۆبوونەوەیە لە پێناو لێکۆڵینەوە لە کێشە فێرکاری و خوێندکارییەکانی خوێندکارانی نێودەوڵەتی سەبارەت بە فێرکاریی مەجازی و هەروەها زانیاریگەیاندنی زیاتر بە خوێندکارانی نێودەوڵەتی لەسەر دوایین بڕیارە فێرکارییەکانی زانکۆی کوردستان سەبارەت بە تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ورز (ترم) لە ڕۆژانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و ڕەخساندنی زەمینەی گونجاو بۆ درێژەدان بە خوێندنیان پێک هێنرا.
لە سەرەتای ئەم کۆبوونەوەیەدا، بەڕێوەبەری کاروباری نێودەوڵەتی و بەڕێوەبەری خوێندکارانی نێودەوڵەتیی زانکۆ لە گوتارێکدا، وێڕای دەربڕینی ناڕەحەتی و دڵتەنگی لەو دۆخەی کە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە هاتووەتە پێشێ و بووەتە هۆی ئامادەنەبوونی خوێندکارانی نێودەوڵەتی لە زانکۆی کوردستاندا، بەڕێوەچوونی کۆبوونەوە ڕاوێژکارییەکانیان لە پێناو وەڵامدانەوەی پرسیار و تەمومژەکانی خوێندکاران و هەروەها لادانی کۆسپ و کێشەکانی تایبەت بە خوێندنیان بە بەسوود و کاریگەر زانی.
پاشان بەڕێز دکتۆر ڕەزاقی جێگری فێرکاری و خوێندنی باڵای زانکۆ، دوایین بڕیارە پەسندکراوە فێرکارییەکانی زانکۆی لە بوارەکانی:
-
ئەلف) شێوازی بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوە مەجازییەکانی کۆتایی ورز
-
ب) مەرجەکانی سڕینەوەی (حەزفی) یەک وانە
-
ج) مەرجەکانی سڕینەوەی وەرزی خوێندن
-
د) نوێترین بەرنامەی تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ورز، گەیاندە زانیاریی خوێندکارانی نێودەوڵەتی.
لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا، خوێندکارانی ئامادەبوو کێشە و نیگەرانییە فێرکاری و خوێندکارییەکانی خۆیان خستە ڕوو، کە گرنگترین سەرقاڵییە هزرییەکانی ئەوان سەبارەت بە شێوازی بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ورز، شێوازی دانی کرێی خوێندن (شەهریە)، درێژکردنەوەی مۆڵەتی نیشتەجێبوونی خوێندن (ئیقامە)، بەڕێوەچوونی خولەکانی فێرکردنی زمانی فارسی، شێوازی پێشکەشکردن و تۆمارکردنی پڕۆپۆزاڵ، وەرگرتنی بڕوانامەی کۆتایی خوێندن (دانشنامە) و بابەتە جیاوازەکانی دیکە بوو، کە بەرپرسانی ئامادەبوو لە کۆبوونەوەکەدا وەڵامی شیاو و گونجاو پێشکەشی تاک بە تاکی پرسیارەکانی خوێندکاران کرد. ئەم کۆبوونەوەیە بۆ ماوەی ٢ کاتژمێر بەردەوام بوو و ڕێک لە کاتژمێر ٢٤:٠٠ کۆتایی پێ هات.
شایانی باسە کە لە ئێستادا نزیکەی ٥٠٠ خوێندکاری نێودەوڵەتی لە وڵاتانی سووریا، ئەفغانستان و هەرێمی کوردستانی عێراق لە زانکۆی کوردستان خەریکی خوێندنن، کە بەهۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی کۆرۆناوە لە ناوەڕاستی مانگی ڕەشەممەی ٩٨ەوە گەڕاونەتەوە بۆ وڵاتەکانی خۆیان و لەم وەرزی خوێندنەدا بە شێوازی مەجازی (ئۆنلاین) لە پۆلەکانی دەرسدا ئامادە بوونە.
